سەردێڕ:

بانکی ناوەندی و جەی پی مۆرگان رێککەوتن؛ کەی سیستمی بانکی گۆڕانکاری بەسەردادێت؟

PM:07:26:18/04/2024

984 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رێککەوتنەکانیان لەگەڵ جەی پی مۆرگان نرخی دۆلار سەقامگیر بەرەو سەقامگیری زیاتر دەبات ولە رۆژانی داهاتوشدا رێکارەکان بە تەواوی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت، "بانکە سزادراوەکان تا ئێستا لە بازنەی گفتوگۆدان بەهۆی دروستنەبوونی ئەنجوومەنی چاکسازیی بانکییەوە لەم هەفتەیەدا".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی بانکی ناوەندی لەبارەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ جەی پی مۆرگان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەبارەت بە دابینکردنی دۆلاری زیاتر و چاکسازی لە سیستمی بانکی عێراقدا لەگەڵ بانکی جەی پی مۆرگان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە سیستمی دارایی و بانکی عێراق هاوتای سیستمی نێودەوڵەتی دەکرێت و راوێژکارانی جەی پی مۆرگانیش سەرپەرشتی ئەو هەنگاوە ئەرێنییەی سیستمی بانکی لە عێراقدا دەکەن.وتیشی، " ئاستی دابینکردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندی بەرزتردەکرێتەوە لە تێکڕای یەدەگی بانکی ناوەندی کە زیاترە لە ٥٠ ملیار دۆلار و ئەوەش دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی دۆلار بەتەواوی چونکە ئاستی دابینکردنی دۆلار بۆ ناوخۆ زیاتر دەبێت".

 

هاوکات بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی فرۆشی ئەمڕۆوە بڵاویکردەوە، بە تێکڕای فرۆش بۆ هەردو جۆری حەواڵە و کاش بڕی ٢٦٩ ملیۆن و ٦٢ هەزار و ٧٠١ دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ٢٥٢ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، عائد هیلالی، ئەندامی شاندەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە بواری داراییدا و رێکارەکان بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی نرخی دۆلار دەڕۆن و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو نرخی دۆلار روو لە دابەزین بکات.













گەلەری