سەردێڕ:

عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئەمریکا گرێبەستێکی نوێی واژۆکرد

PM:06:42:18/04/2024

796 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا گرێبەستێکی نوێ بۆ بنیاتنانی ١٨ وێستگەی نوێی وزە لەگەڵ کۆمپانیای "جەی ئی" وزەی ئەمریکی واژۆکرا. دەشڵێت، " وێستگەکان لە توانایاندا هەیە سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، عێراق بۆ رێگەگرتن لە کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وزە لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لە واشنتۆن لەگەڵ کۆمپانیایی جەی ئی گرێبەستێکی نوێیان واژۆکرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە هاوکاردەبێت بۆ زیادکردنی ئاستی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە رێگای ١٨ وێستگەی وزەوە بە هەماهەنگی وەزارەتی کارەبا و نەوتی عێراق لە بەرهەمهێنانی سێ هەزار مێگاوات وزەی کارەبایی نوێ.

باسی لەوەش کرد، وێستگەکان ٧٠ تۆرباینی وزە لە خۆیان دەگرن و لە پێنج ساڵی داهاتوودا توانایان بەرزدەبێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی حەوت هەزار و ٥٠٠ مێگاوات. وتیشی، " لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا گرێبەستی نوێمان دەبێت کە تایبەت دەبێت بە بەرهەمهێنانی وزە لەرێگای وزەی خۆر و ئاو لە ناوچەکەدا و هێڵێکی هاوبەشی وزەش دەبێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیایی سیمێنس رێککەوتنیکی نوێیان واژۆکردووە کە هاوکاردەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی سێ هەزار میگاوات و بەهۆیەوە دەتوانن کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین بکەن.













گەلەری