سەردێڕ:

دژی رێگریکردن لێیان لە بازگەکانی پارتی و یەکێتی؛ شۆفێرانی بارهەڵگر لەسنوری کۆیە گردبوونەوە

PM:04:31:18/04/2024

1004 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر گردبوونەوە و باسیان لەوەکرد، لە بازگەکان پارتی و یەکێتی ڕێگەنادەن لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆ بکەن یانیش بە ناوی سۆنەرەوە پارەیان لێ وەردەگرن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر بەهۆی رێگریکردن لێیان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لە بازگەکان گیریان خواردووە وناتوانن لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆ بکەن.

ئەوەشیان خستە روو، ئەوان تەنها شۆفێرن و ساڵانە پارەی ژینگە و چەندان باج دەدەن، بەڵام رێگاکانیان بۆ چاک ناکەن تاوەکو کار بکەن پارتی و یەکێتی رێگریان لێ دەکەن.

یەکێک لە شۆفێرەکان ئاماژەی بەوە کرد، دوو رۆژە بەردەوامن لە گردبوونەوە و هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەهاتووە بەدەم داواکەیانەوە و هێزە ئەمنییەکان داوایان لێکردوون شوێنەکە چۆڵ بکەن.

لە ئێستادا، رێگای سکتان- کۆیە، سماقوڵی سلێمانی، کۆیە- تەق تەق داخراوە و دانیشتوانی ئەو ناوچانە و شۆفێرانی تانکەرەکانیش گلەییان لە خراپی رێگاکان هەیە و داوادەکەن رێگایەکی گونجاویان بۆ دروست بکرێت.

شەوی رابردووش، بەشێک لە هاوڵاتیانی تەق تەق لە کۆیە لە دژی خراپی رێگەوبانەکانیان گردبوونەوە و رێگای سەرەکی شارەکەیان داخست و باسیان لەوە کرد رێگاوبانەکانیان لە دۆخێکی خراپدان و بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری تانکەرە نەوتەکان بەو شارەدا تێپەڕ دەبن رێگەوبانەکان خراپتر بوون و داواش دەکەن رێگاکانیان بۆ چاک بکرێت.

ئەوەشیان خستە روو، رۆژانە هەزاران تانکەر نەوت بە شارەکەیاندا تێپەڕدەبن و دەبنە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ و رێگەوبانەکانیشیان خراپتر دەکەن و ناشزانن داهاتی ئەو نەوتە بۆ کێیە و بۆچی بەکاردەهێندرێت، چونکە تەنانەت رێگەکەشیان بۆ نۆژەن ناکەنەوە.













گەلەری