سەردێڕ:

مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە دابەش دەکرێت؛ وردەکاریی خەرجکردنی پارەکە چۆنە؟

PM:01:28:15/04/2024

52000 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە مانگی پێنجەوە دەست پێدەکات و لەو مانگەشەوە بۆیان خەرج دەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، قۆناغەکانی ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوە بەرەو کۆتاییە و لە سەرەتای مانگی پێنجەوە پلەبەرزکردنەوە دەبەسترێت و تاوەکو کاتی ناردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج بۆ بەغدا، هەموو کارەکان تەواو دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، هەموو مووچەخۆران بێ جیاوازی سەرجەم ئەو پلەبەرزکردنەوانەی هەیان بووە بۆیان هەژمار دەکرێت لەدوای ساڵی ٢٠١٥ـەوە.

لەبارەی پارەی پلەبەرزکردنەوەکانی ساڵانی ٢٠١٥ تاوەکو ٢٠٢٤ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پارەیە لە ئەستۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمە، بەڵام لە ئێستادا هەموو پارەکە نادات و تەنها پلەبەرزکردنەوەی مانگی پێنج بۆ مووچەخۆران خەرج دەکرێت.

ئەوەشی خستە روو، پارەی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆران لەدوای ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا مانگی چواری ئەمساڵ، وەک قەرز لای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەمێنێتەوە و لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکەن تا رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزنەوە و سەرجەمی پارەی پلەبەرزکردنەوە بدەنەوە مووچەخۆرانی هەرێم، یان بەغدا هاوکار بێت لە دانەوەی، یاخوود حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئەو قەرزە بداتەوە مووچەخۆران.
هێرش قادر - هەولێر













گەلەری