سەردێڕ:

دژی دانەمەزراندنیان؛ مامۆستایانی خۆبەخش لە کەرکوک گردبوونەوە

AM:10:57:15/04/2024

692 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستایانی خۆبەخش لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک گردبوونەوە و داوای بە گرێبەستکردن یان دامەزراندنیان دەکەن. وەک خۆشیان دەڵێن، ژمارەیان زیاتر لە ٣٠٠ مامۆستا دەبێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ـەوە بەشێوەی خۆبەخش لە کەرتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کەرکوک دەستیان بە دەوام کردووە.


ئەو مامۆستایانە ئاماژە بەوە دەکەن، "ماوەی چوار ساڵە بە خۆبەخش دەوام دەکەین و تەنها داوای مافی خۆمان دەکەین کە ئەویش بە گرێبەستکردن یان بە هەمیشەیی کردنمانە".

باسیان لەوەش کرد، پێشتریش چەندین جاری دیکە خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵێنێکیان پێ نەدراوە و وەڵامی داواکانیان نەدراوەتەوە.

هاوکات، مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم وازارەتی پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە جدی کار بۆ گێڕانەوەی مافی وانێژان بکات کە ئەویش دامەزراندنیانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جاری دیکە وانەبێژان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دژی دانەمەزراندنیان خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر وەڵامی داواکانیانی نەداوەتەوە.













گەلەری