سەردێڕ:

عێراق مامەڵە داراییەکان و بازاڕی ناوخۆ لە نەختینەوە دەگۆڕێت بۆ ئەلیکترۆنی

PM:09:56:14/04/2024

1480 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا دەیەوێت سەرجەم مامەڵە داراییەکان و جوڵەی بازرگانی بازاڕەکانی ناوخۆ لە نەختینەوە بگۆڕێت بۆ ئەلیکترۆنی. دەشڵێت، "بانکی ناوەندی نیازی نیە هیچ بڕە پارەیەک چاپ بکات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە مەبەستی فراوانکردن و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بەتایبەتیش کەرتی بانکی حکومەتی عێراق سەرجەم جوڵە بازرگانییەکان تا ناوەڕاستی ئەمساڵ لە نەختینەوە بۆ ئەلیکترۆنی دەگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا دەکرێت کە مەبەست لێی گەڕاندنەوەی نەختینەی دیناری بازاڕەکانە بۆ بانکەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی پشتپێبەستن بە دینار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا. وتیشی ،"بانکی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی چاپ نەکردووە و لەپلانیشیدا نییە، بۆ ئەو بابەتەش هێشتا لیژنەی دارایی و بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەدان".

لەوبارەیەشەوە، عەلی عەلاق مانگی رابردوو بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا هیچ نیازێکیان نییە بۆ چاپکردنی پارەی نوێ و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی راسپێردراوە، لە دۆخی پێویستی ناوخۆ بە دینار بڕیار لە چاپکردنی دینار دەدرێت پاش لێکۆڵینەوە و وردبینی بۆ سەرجەم راپۆرتە داراییەکان. وتیشی ،"بەئەلیکترۆنی کردنی مامەڵە داراییەکان ژێرخانی ئابووری بانکەکانی بە دینار بوژاندووەتەوە و پێشبینیش دەکرێت پارەدارکردنی بانکەکان بە دراوی نیشتمانی زیاتر بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت".

لەبەرامبەریشدا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پلانیدایە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ سەرجەم مامەڵە داراییەکان بکرێت بە ئەلیکترۆنی و بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری نوێ بۆ چاودێری سیستەمی دارایی بانکەکان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی تاوتوێ کردووە.

هـ.ش













گەلەری