سەردێڕ:

چاوگێک لە بانکی رەشید: هیچ گرفتێکمان نیە لە کردنەوەی لقەکانمان لە هەرێم

PM:08:27:14/04/2024

1888 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار لە بانکی رەشید بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیچ گرفتێکیان نیە لە کردنەوەی لقەکانیان لە هەرێم، بەڵام یەکێتی و پارتی کێشەیان بۆ دروست دەکەن. هاوکات نەوەی نوێش دەڵێت، سورن لەسەر کردنەوەی هەردوو بانکەکە و دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە.


چاوگێکی ئاگادار لە بانکی رەشید بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان هیچ گرفتێکیان نیە بۆ کردنەوەی لقی بانکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بەڵام تا ئەم ساتە حکومەت و بەرپرسانی هەرێم رێگرن و هەماهەنگ نین، هاوکات ئەو شوێنانەی بۆ لقی بانکەکە دیاری کراوە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

کردنەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان بووەتە ئەمری واقع و تا دێت هەوڵەکان چڕتر دەبنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمیش سوودمەند بن لە قەرز و پێشینە و خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی ئەو دوو بانکە.

هاوکات، نەوەی نوێ چەندین نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق کردووە بۆ ئەوەی رێکارەکانی کردنەوەی لقەکانی ئەو دوو بانکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، فراکسیۆنەکە سوریشە لەسەر ئەوەی مووچە لە رێگەی ئەو دوو بانکەوە دابەش بکرێت.

لایخۆشیەوە، رێبوار عەبدولرەحمان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ کردنەوەی لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا پێنج نوسراومان پێشکەش کردووە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرسی کردنەوەی لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشید یەکێکە لەو تەوەرانەی لە ئێستادا لە نێوان هەرێم و بەغدا مشتومڕی لەسەر دەکرێت، هەرچی بۆچوونی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانە ئەو دوو بانکەیان لە بانکەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر پێ باشترە.













گەلەری