سەردێڕ:

تایبەت بە سەرژمێریی دانیشتوان؛ عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی واژۆ کرد

PM:05:29:14/04/2024

1368 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی تەواوکردنی کارەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی گرێبەستیان واژۆ کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، فینلەندا، کەنەدا و چین گرێبەستی تایبەت بە تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراقیان واژۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای گرێبەستەکە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە کە بریتین لە دروستکردنی ١٢٠ هەزار ئامێری ئەلکترۆنی بۆ پڕۆسەی سەرژمێرییەکە، دامەزراندنی ناوەندی زانیاری و ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری، دامەزراندنی ناوەندی پەیوەندییەکان و دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلە ئەلکترۆنییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە.

باسی لەوەش کرد، ئەوەی پێویست بێت دەیکەن بۆ تەواوکردنی سەرجەم کارەکان و دەستەبەرکردنی پێداویستی و ئامێرەکان تاوەکو بتوانن لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق بە سەرکەوتووی و بەبێ کێشە ئەنجام بدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٤ـی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ هەرێم هەیە بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

هاوکات، دوایین سەرژمێرى لە ساڵى ١٩٩٧ لە عێراق کراوە و بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ١٩ ملیۆن کەس بووە و سەرژمێرییەکە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا سەرژمێرى گشتى نەکراوە و بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێرى بکرێت و هەرێمیش دەگرێتەوە.













گەلەری