سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرد

PM:04:40:14/04/2024

868 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، یەکەمین بڕی بەرهەمی گەنمیان لە ناسڕیە و بەسڕە و نەجەف وەرگرتووە و ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی بڕی بەرهەمی گەنم لە هەموو شارەکانی ناوەند و باشووری عێراق.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکەمین بڕی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی ناوخۆ لە ناوەندەکانی بەبازاڕکردنی ناسڕیە و بەسڕە و نەجەف وەرگیرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو شارەکانی ناوەند و باشووری عێراق ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ وەرگرتنی هەموو بڕی بەرهەمی گەنم بەپێی پلانی بەبازاڕکردن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکراوە.

ئەوەشی خستە روو، هەموو ستافی کارگێڕی و تەکنیکی هەوڵی زۆریان داوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی بەبازاڕکردن لە وەرزی گەنمی ئەمساڵدا.

باسی لەوەش کرد، لە رۆژێکدا ٢٤ کاتژمێری تەواو کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی دەکەوێتە سەر ناوەندەکانی بازاڕکردن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە دەبنە رێگر لەبەردەم پڕۆسەی بەبازاڕکردندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٢ـی نیسان وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤. وتیشی، "هەوڵ دەدەین زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران بکڕن".

پێشتریش، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاندبوو، ئەمساڵیش وەکو ساڵی پێشوو هەر تەنێکى گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.













گەلەری