سەردێڕ:

عێراق لە نێوان گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئیسرائیل بەکوێ دەگات

AM:04:44:14/04/2024

2732 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سوپای ئیسرایل رایگەیاند، ئەوەی روویدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وپێشبینیش ناکەن بە خێرای دۆخەکە چارەسەربکرێت، هاوکات چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئار تی راگەیاند، عێراق نابێتە خاکی ململانێکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە و بەتەواویش پارێزراودەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیال هەگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوەی کە لە شەوی ١٣ـی نیسان روویدا پێچەوانەی ویستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە ماوەی ١٩١ رۆژی رابردوودا و بۆ ئەومەبەستەش دانبەخۆیاندادەگرن تاکاتی گونجاودێت. وتیشی، " لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانەکانماندا خاکەکەمان و هاوڵاتییەکانمان لە سەرجەم مەترسییە دەرەکییەکانی ئێران و سەرجەم گروپەچەکدارەکان دەپارێزین".

بەرپرسانی ئیسرائیل چی دەڵین؛

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە میدیاکانی ئیسرائیلی راگەیاند، ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکان دوو هەفتەی رابردوو دەیان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە سەرجەمیان تێکشکیندراون. وتیشی، " تەنها پاشماوەی چەند مووشەک و درۆنێک کەوتوونەتە ناو خاکی ئیسرائیل کە بەهۆیەوە منداڵێکی ١٠ ساڵان بە سووکی برینداربووە".

عێراق لە نێوان گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران وئیسرائیل؛

لەبارەی فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئیسرائیلەوە چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دڵنیاییان پێدراوە کە بە هیچ جۆرێک خاکی عێراق ناکرێتە ئامانجی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەواوی خاکی عێراق لە ئاڵۆزییەکان پارێزراوە و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداری توند دراوەتە ئێران و ئیسرائیل کە بەهیچ جۆرێک خاکی عێراق نەکەنە خاکی ململانێکانیان.وتیشی،" بە گوێرەی رێککەوتنی ئاسایش رێگە بەهیچ جۆرە پێشێلکارییەک بەرامبەر بە خاکی عێراق نادرێت و دڵنیاییدەدەین کە عێراق پارێزراودەبێت".

کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر هەرێم؛

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی، کاتژمێر ٢:٢٠خوولەک چەند فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان وچەند مووشەکێک بە ئاسمانی چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕین. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، چەندین مووشەک و درۆن لە ئاسمانی کفری و رانیە و چیایی کۆڕەک و شەقڵاوە و سرۆران و حاجی ئۆمەران و هەولێر بیندراون بەڵام هیچ زیانێکیان نەبووە.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق وهەرێم گەشتەکانیان راگرتووە. وتیشی، "تا ئێستا کاریگەری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری نەرێنی لەسەر خاکی عێراق دروست نەکردووە بەڵام رێکاری ئەمنی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە شەوی ١٣ـی نیسان ئێران بە بەکارهێنانی ٤١٨ درۆن و چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئاسمانی ئیسرائیل، و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن کە دەکرێتە سەریان. هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "بۆ هەر هێرشیکی ئێران وەڵاممان دەبێت".













گەلەری