بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن سبەی یەکشەممە چەند دۆسیەیەکی گرنگ تاوتوێ دەکرێت و لە نێویشیاندا دۆسیەیی ئابووری هەرێم و عێراق.
بە گوێرەی کارنامە و پلانەکان رۆژی ١٤ـی نیسان کاتژمێر ٢:٠٠ـی پاش نیوەڕۆ سودانی لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵات کۆدەبێتەوە و بڕیاریشە لەم کۆبوونەوەدا پرسی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی حەماس و ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکان تاوتوێ بکرێت.
هاوکات لە
هەمان رۆژدا، کاتژمێر ٣:٠٠ـی پاش نیوەڕۆ سودانی لەگەڵ ئامۆس هۆکستین راوێژکاری سەرۆکی
ئەمریکا بۆ کاروباری وزە کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا پرسی نەوت و هێنانی کۆمپانیا
گەورەکانی ئەو بوارە بۆ عێراق تاوتوێ دەکرێت.
لەلایەکی
تریشەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە ١٥ـی نیسان، کاتژمێر ٩:١٥ خولەک سودانی لەگەڵ ئەنتۆنی
بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆببێتەوەلە بارەی جێبەجێکردنى بەندەکانى چوارچێوەى ستراتیژى نێوان هەردوو وڵات.
بڕیاریشە
لە هەمان رۆژدا لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ سودانی لەگەڵ جۆ
بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە کە بە گرنگترین کۆبوونەوە دادەنرێت و چاوەکان لەسەر
دەرەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەن بەو پێیەی سەرجەم پرسەکان تێدا تاوتوێ دەکرێت و یەکلاکەرەوە
دەبێت لە نێوان ئەمریکا و عێراق.
کاتژمێر
٢:٠٠ـی پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن سەبارەت بە
پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆدەبنەوە.
بە پێی
پلانەکان رۆژی دووشەممە کاتژمێر٦:٠٠ـی ئێوارە لەگەڵ وەزیری خەزێنەی ئەمریکا سەبارەت
بە پرسی سزای سەر بانکەکانی عێراق کۆدەبنەوە و پێشبینیش دەکرێت بڕیاری کۆتایی لەبارەی
بانکەکانەوە بدرێت.
کۆتا کۆبوونەوەی
نێوان عێراق و ئەمریکا لە کاتژمێر ٨:٠٠ـی شەودا دەبێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ
جاک سلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لەسەر پرسی ئەمنی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی
نێوان واشنتۆن و بەغدا کۆدەبنەوە.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئێوارە ئەمڕۆ لە فڕۆکە
تایبەتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا
و سەرۆک وەزیرانی عێراق کاروە و تێیدا تاوتوێی گواستنەوە و ئاسایشی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان
کراوە.
لەو بارەیەوە
چاوگێک لە شاندەکەی عێراق ئەوەی خستە روو، جۆ بایدن داوای کردووە کە رێوشوینی ئەمنی
بۆ پاراستنی سیناتۆر و باڵیۆزی ئەمریکا لە خاکی عێراق بگیرێتە بەر و بەخێرایی
بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی عێراق. وتیشی، "سەرجەم کارمەندان و سیناتۆرەکانی ئەمریکا
لە خاكی عێراق گوازراونەتەوە دەرەوەی خاکی عێراق لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە".