سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری عێراق: بەهیچ جۆرێک نابێت خاکی عێراق بکرێتە ئامانجی ململانێکان

PM:11:59:13/04/2024

2832 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دڵنیاییان پێدراوە کە بە هیچ جۆرێک خاکی عێراق ناکرێتە ئامانجی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە وەزارەتی بەرگری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی رێککەوتنی ئاسایش دڵنیایی تەواویان پێدراوە کە بەهیچ جۆرێک ئێران هیچ پێگەیەک و ناوچەیەکی عێراق ناکاتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەواوی خاکی عێراق لە ئاڵۆزییەکان پارێزراوە و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداری توند دراوەتە ئێران و ئیسرائیل کە بەهیچ جۆرێک خاکی عێراق نەکەنە خاکی ململانێکانیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی دەستپێکی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم داخران. لەو بارەیەشەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاوڵاتیان سەرجەم گەشتەکان راگیراون.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، لە ئیسرائیل قوتابخانە و زانکۆکان داخران و سوپا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هاوکات، بەهۆی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیلەوە ئوردن گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی راگرت. لەلایەکی دیکەوە، چاوگێکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دەیان درۆن بە ئاسمانی عێراقدا بە ئاڕاستەی ئیسرائیل تێپەڕبوون.

ئاژانسەکانی جیهانیش بڵاویان کردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان بۆردومان کردووە، سەرجەم درۆنە مووشەک هەڵگرەکانیش لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە تەقێنراونەتەوە.













گەلەری