سەردێڕ:

ئاگرێکی گەورە لە بەنزینخانەیەکی سەر رێگای هەولێر – مەخموور کەوتووەتەوە

PM:09:26:13/04/2024

2304 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەسەر رێگای هەولێر – مەخموور کۆگای بەنزینخانەیەک ئاگری گرتووە و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن. وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت، کرێکارێکی کۆگاکە بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بووە.


ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، لە یەکێک لە کۆگاکانی بەنزینخانەی کۆچەر لەسەر رێگای هەولێر – مەخموور ئاگر کەوتووەتەوە.

باسی لەوەش کرد، پێشتر ئاگر لەو کۆگایانەدا کەوتووەتەوە کە زیاتر لە ٢٠ تانکی بەنزین و سووتەمەنی تێدایە، لە جارەکانی رابردوودا ئاگرەکە لەکاتی بەتاڵکردن یان تێکردنی بەنزیندا روویداوە، پێشبینی دەکرێت ئەمجارەش ئاگرەکە بە هەمان هۆکار کەوتبێتەوە.
وتیشی، " بۆ سێیەم جارە ئاگر لە کۆگاکانی ئەو بەنزیخانەیە بکەوێتەوە، لە دوو جاری رابردووشدا تەنها زیانی ماددی هەبووە". 
 

هاوکات، کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، نۆ تیم لە شوێنی رووداوەکەن و لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و لە قۆناغی ساردکردنەوەی شوێنی رووداوەکەدان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە کرێکارێکی کۆگاکە بە سوکی بریندار بووە و قاچی سووتاوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 
وتیشی، ئاگرەکە زیانی ماددی هەبووە کە تا ئێستا بڕەکەی دیاری نەکراوە، هاوکات هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاشکرا نەکراوە و لەوبارەیەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٨ـی ئایاری ساڵی رابردوو لە هەمان بەنزینخانە بەهۆی لێچوونی بەنزین لە یەکێک لە تەنکییەکانی بەنزینخانەکە ئاگر کەوتەوە و تەنها زیانی ماددی هەبوو.

ئومێد چۆمانی – هەولێر













گەلەری