سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: هەر بانکێک لە ئەنجومەنی چاکسازی تۆمار نەکرابێت مامەڵەکانی رادەگیرێت

PM:08:46:13/04/2024

1380 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزای سەر بانکەکان لە رۆژی ١٥ـی نیسانەوە دەستدەکرێت بە چاکسازی لە بانکەکانی عێراقدا و بۆ ئەومەبەستەش لیژنەیەک لە چاودێری و چاکسازی بانکەکان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە رەوانەی عێراق دەکرێت. دەشڵێت، " هەر بانکێک لە ئەنجومەنی چاکسازی بانکەکان تۆمار نەکرابێت مامەڵە دارایی و ئابوورییەکانی رادەگیرێت".


ئەمڕۆ شەممە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی چاکسازی بانکەکانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاکسازی لە کەرتی بانکی لە کارە لەپێشێنەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقدا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکیان بۆ چاکسازی و بەنێودەوڵەتیکردنی بانکەکان تاوتوێ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ١٥٪ـی چالاکییە ئابوورییەکانی عێراق لەلایەن بانکە تایبەتەکانەوە دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەهات کە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراق متمانەی لە بەشێک لە بانکەکان وەرگرتەوە. وتیشی، " بەمەبەستی گەڕاندنەوەی متمانەی سیستەمی بانکی لە عێراقدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن لە هەوڵدایە بۆ کۆتایی هێنان بە سزای سەرئەو بانکانەی کە ماون".

باسی لەوەش کرد، هەریەک لە نوێنەری بانکی جەی پی مۆرگان و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە میکانیزمی پێدانی دۆلار بە بانکە سزادراوەکان لە کۆبوونەوەدان و وەک یەکەم میکانیزم داواکراوە کە ئەنجومەنی چاودێری و چاکسازی بانکەکان لە عێراق لە رۆژی ١٥ـی نیسانەوە کارا بکرێت.

جەختی لەوەش کردەوە، هیچ بانکێک لە بانکەکانی عێراق ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی دارایی و ئابووری ئەنجامبدات ئەگەر لە ئەنجومەنی چاکسازی بانکەکاندا خۆی تۆمار نەکات و دوای تەواوبوونی چاکسازییەکان دەستدەکرێتەوە بە مامەڵەداراییەکان کە راستەوخۆ لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی نێودەوڵەتیدا دەبێت و سەرجەم مامەڵەداراییەکانیش دەگرێتەوە.

هاوکات لە چەند رۆژی رابردوودا، چاوگێک لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی بانکەکە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر بانکە سزادراوەکانی عێراق، گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی ئەنجام بدەن. وتیشی، "ئەنجومەنی چاودێریی دارایی بانکە سزادراوەکان دروست دەکەین کە ٣٢ بانکەکەی تێدا دەبێت و رۆژانە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە چاودێرییان دەکرێت و دەتوانن پێنج تا ١٥ ملیۆن دۆلار حەواڵە بکەن".

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری