سەردێڕ:

لە رۆژانی جەژندا؛ زیاتر لە ٦٩ هەزار گەشتیار روویان لە هەولێر کردووە

PM:07:25:13/04/2024

852 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی گەشتوگوزاریی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی گەشتکردن و بەسەربردنی پشووی جەژن، لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە ٦٩ هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە کە زۆرینەیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بوون.


ئەمرۆ شەممە، نەریمان سابر، وتەبێژی گەشتوگوزاریی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا ٦٩ هەزار و ٤٩٩ گەشتیار سەردانی ناوچە جیاوازەکانی هەولێریان کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاریی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە رێژەی ٩٠٪ـی ئەو گەشتیارانەی سەردانی سلێمانییان کردووە خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون.

لەلایەکی تریشەوە، بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارەکان لە رۆژانی جەژندا، سەرجەم میوانخانە و چێشتخانەکان لە سەرجەرم ناوچەجیاوازەکانی هەرێم راسپێردرابوون لە پێشوازی گەشتیارەکاندا بن و ئاسانکاری تەواو بۆ هاتنیان بکەن. پڕۆژەى گەشتیاریی چاڤیلاندیش رایگەیاند، "ئامادەکاریی تەواومان بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کردووە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رۆژانی جەژندا گەشتیاران لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی شارە جیاوازەکانی هەرێمیان کرد بە مەبەستی بەسەربردنی رۆژە پشووەکانیان لە جەژندا و سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکان بەتایبەت پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند لە سلێمانی.
هێرش قادر - هەولێر 













گەلەری