سەردێڕ:

کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کەرکوک: پێداگری دەکەین لەسەر داواکردنی مافەکانمان

PM:01:59:13/04/2024

776 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کەرکوک رایانگەیاند، وەکو کەسوکاری ئەنفالکراوان هەموو ساڵێک داوا دەکەن ئەو ٤٢٣ کەسەی کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە دادگایی بکرێن و پەلە بکرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هێنانەوەی روفاتەکانیان.


ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کەرکوک لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، هەموو ساڵێک پێداگری دەکەن لەسەر داواکردنی مافی رەوای کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکەن.

ئاماژەیان بەوەش کرد، داواکارییەکانیان بریتین لە دادگایی کردنی تۆمەتبارانی ئەنفال بەتایبەت ئەو ٤٢٣ کەسەی کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

ئەوەشیان خستە روو، دەبێت پەلە بکرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هێنانەوەی روفاتەکانیان و ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی بەمەبەستی ناسینەوەی روفاتەکان.

باسیان لەوەش کرد، پێویستە سەرۆک کۆماری عێراق بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بکات.

لەلایەک دیکەشەوە دوێنێ هەینی، ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە لە رزگاری سەر بە کەلار گردبوونەوە و دەڵێن، "رێگا نادەین بەرپرسانی دەسەڵات لە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال لە رێورەسمەکاندا بەشدار ببن، چونکە ئەوان تەنها لەو رۆژەدا ئەو چینەیان بیر دەکەوێتەوە و ساڵانە چەندین بەڵێنی بێ کرداریان پێ دەدەن".













گەلەری