سەردێڕ:

پارتى و یەکێتى نەیانتوانی رێژەی ١٪ـیش سەوزایی لە کەرکوک زیاد بکەن

PM:11:29:12/04/2024

1276 جار خوێندراوەتەوە

رێژەی سەوزایی لە کەرکوک، ھەمان رێژەی ساڵی ٢٠٠٣یە کە ناگاتە ٥٪، پارتی و یەکێتی لە ماوەی حکومڕانیاندا نەیانتوانیوە رێژەی ١٪ـیش سەوزایی بۆ شارەکە زیاد بکەن، لە کاتێکدا بڕە پارەیەکی زۆر بەناوی جوانکردنی شەقام و رێگا سەرەکییەکان و سەوزکردنی شارەکە خەرجکراوە.


چەندین ساڵە بەشێک لە باخچەکانی کەرکوک بە تەواو نەکراوی ماونەتەوە و وەک هاوڵاتیان دەڵێن، کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان وای کردووە شوێنی ئەو باخچە تەواو نەکراوانە ببێتە زبڵخانە. لەکاتێکدا کەرکوک شارێکی پڕ لە نەوتە بەڵام داهاتی سامانەکەی نەبووەتە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان.

هاوکات تارق تەها چالاکوانی ژینگەیی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رێژەی سەوزایی لە شاری کەرکوک کەمترە لە ٥٪ بەهۆی ئەوەی وەک پێویست گرنگی پێ نادرێت. وتیشی، هەر ئەوەش وای کردووە رێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژەهراوییەکانی دیکە لە هەوادا زیاد بکەن کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی دانیشتوانی شارەکە دروست دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵانی رابردوودا یەکێتی و پارتی دوو حزبی دەسەڵاتداری شاری کەرکوک بوون و لە ئێستاشدا بەشێک لە ئەرکە خزمەتگوزارییەکانیان لەدەستدایە، هاوکات هەر لە ماوەی حکومڕانی ئەو دوو حزبەدا ١١ ملیار دینار بۆ جوانکردنی شەقامەکانى کەرکوک تەرخانکرا بەڵام تا ئێستا دۆخی خزمەتگوزاری لەو شارەدا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە.













گەلەری