سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ زانیاری لەبارەی وەرگرتنی پارەی گەنمی جوتیاران ئاشکرا دەکات

PM:06:14:12/04/2024

1424 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە پارەى پێویست بۆ وەرزی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵى جوتیاران دابین بکەن، بۆ ئەوەى سەرجەم بەرهەمى ئەمساڵ لە جوتیاران وەربگیرێت.


ئەمڕۆ هەینی، مۆفەق حسێن پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە پارەی پێویست بۆ وەرزی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دابین بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو داوایەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەیە سەرجەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە جوتیاران وەربگیرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای نیشتیمانى بۆ بازرگانیی دانەوێڵە، دەستی کردووە بە کڕینی گەنمی جوتیاران و کۆمپانیاکە لە هەموو لقەکانیدا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم وەرزەی جوتیاران.

پێشتریش وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمساڵیش وەکو ساڵی پێشوو هەر تەنێکى گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت. وتیشی، بڕی وەرگرتنی گەنم لەمساڵدا رێژەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات کە پێشبینی دەکەن شەش ملیۆن تەن گەنم لە جوتیاران بکڕن.













گەلەری