سەردێڕ:

جارێکی دیکە نەوتی رەش رژایە ناو ئاوی دوکان؛ دابەشکردنی ئاو رادەگیرێت؟

PM:03:24:12/04/2024

12660 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە ناوچەی کلکەسماق بڕێک نەوتی رەش لە تانکەرێک رژاوەتە ناو ئاوی دوکان. بەڕێوەبەری ئاوی دوکانیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نەوتەکە بڕێکی کەمە و مەترسی نیە لەسەر پیسبوونی ئاوی دوکان.


ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، شەوی رابردوو لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە ناوچەی کلکەسماق تانکەرێک وەرگەڕا و بەوهۆیەوە بڕێک نەوتی رەش رژایە ناو ئاوی دوکانەوە.

لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری ئاوی دوکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو نەوتەی رژاوەتە ناو ئاوی دوکان بڕێکی کەمە و مەترسی نیە و نابێتە هۆی ئەوەی ئاوەکە بە کەڵکی خواردنەوە نەیەت.

درەنگانی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لەسەر رێگای کۆیە – دوکان وەرگەرا و بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستدا، هەروەها سوتەمەنیەکی زۆر لە نزیک زێی بچوک رژا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە بڕێکی زۆر سوتەمەنی رژایە نێو زێی بچوکەوە لە دوکان دوای ٤٨ کاتژمێر لە راگرتنی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی و دوکان و کۆیە و لە دوای پاکبوونەوەی ئاوەکە دابەشکردنی ئاو دەستی پێکردەوە.

کارزان تاریق - سلێمانی












گەلەری