سەردێڕ:

سودانی سەردانی ئەمریکا دەکات؛ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان چی دەبێت؟

AM:09:02:12/04/2024

7136 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی رۆژی ١٥ـی نیسان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات. دەشڵێت، " لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی دووشەممە ١٥ـی نیسان، لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەماهەنگی و فراوانکردنی کەرتی بانکی و سیستەمی ئابووری نەوتی و نانەوتی و لە واشنتۆن کۆدەبنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە پرسی مانەوە یان کشانەوەی یەکجاریی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە خاکی عێراق.

وتیشی، "لەسەر هەماهەنگی ئابووری، بڕیارە هەریەک لە وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمرکا کۆببنەوە و بڕیاری بە نێودەوڵەتیکردنی سیستەمی بانکیی عێراق و ئابووری عێراق بدەن".

ئەوەشی خستە روو، پرسی دۆلار یەکێک دەبێت لە پرسە گرنگەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێکار و هەنگاوی نوێ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی سیستەمی بانکی عێراق گیراوەتەبەر و ئاستی پێدانی دۆلاریش بەبانکەکانی ناوخۆ بەرزتر دەکرێتەوە.













گەلەری