سەردێڕ:

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا: دواخستنی هەڵبژاردن شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە

PM:03:05:11/04/2024

1260 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دواخستنی زیاتری هەڵبژاردەکان شەرعیەتى دامەزراوەکانى هەرێم دەخاتەژێر پرسیارەوە.


کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێم لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەرانە دڵی پڕۆسەی دیموکراسیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش درێژکراوەی داکۆکیکردنە لە بەدیهێنانی ژینگەیەکی دیموکراسی لە ناوخۆی هەرێمدا.

کونسوڵخانەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەڕەرای ئەوەی کە پێویست بوو هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت لە ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام پڕۆسەکە چەندین جارە دوادەخرێت کە ئەمەش هۆکارە بۆ لاوازبوونی شەرعیەتی دیموکراسی لە هەرێم.

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا باسی لەوەشکرد، ئەڵمانیا بەردەوامە بۆ پشتگیریکردنی ئەنجامدانی پڕۆسەکەو داوا لە لایەنە سیاسیە کوردەکان دەکات بە زووترین کات هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدەن و هەموویان بەشدارى تێدا بکەن و بە پاساوی جیاواز دوای نەخەن، چونکە دواخستنی زیاتری هەڵبژاردەکان شەرعیەتى دامەزراوەکانى هەرێم دەخاتەژێر پرسیارەوە.

ئەو کونسوڵخانەیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە خەڵکى هەرێمى کوردستان نوێنەرى دڵخوازى خۆیان هەڵبژێرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی شەشی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و فشارێکی زۆریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.













گەلەری