سەردێڕ:

عێراق بەرهەمهێنانی غاز بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجای رۆژانە زیاد دەکات

PM:12:34:10/04/2024

720 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی کارپێکردنی کێڵگەی غازی حەفایا ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە رۆژێکدا بۆ تۆڕی نیشتیمانی زیاد دەکەن.


حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا پڕۆسەی تاقیکاری بۆ کارپێکردنی کێڵگەی غازی حەفایا لە پارێزگای میسان کە توانای بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی هەیە لە رۆژێکدا، تەواو دەبێت و دەست بە بەرهەمهێنانی غاز دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە غازەی کە رۆژانە لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت، رەوانەی تۆڕی نیشتیمانی دەکرێت و بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکەن.

باسی لەوەش کرد، لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی گرێبەستێکیان واژۆ کردووە بۆ وەبەرهێنانی غاز بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. وتیشی، " گرێبەستەکە بە یەکێک لە گرێبەستە گەورەکانی وەزارەتەکە دادەنرێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز". 

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١ـی مانگی نیسان وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی غاز و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، حەیان عەبدولغانی وەزیری نەوت و سامانە سروشتییەکانی عێراق لەگەڵ کریستیان برۆچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سێمێنزی ئەڵمانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای شەڵەمبەرگیری ئەڵمانی گرێبەستی وزەیان واژۆ کرد.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەگوێرەی رێکەوتنەکە هەردوو کۆمپانیا بیانییەکە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ ٢٤٠ ملیۆن پێ سێجا بەرز دەکەنەوە، ئەو غازەشی کە لە کێڵگە نەوتییەکاندا بەفیڕۆ دەچێت بەکاری دەهێننەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ١٥ وێستگەی کارەبای نوێی کۆمپانیای سێمێنزدا.













گەلەری