وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم رایگەیاند، کێشەى مووچە چارەسەر بووە و لە دواى پشووەکانى جەژنیش لیستى مووچەى مانگى چوار رەوانەى بەغدا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حکومەتى کاربەڕێکەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار، دوای جەژنی رەمەزان وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکەدا دەست بە ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچەی مانگی چوار بۆ بەغدا دەکەن.
وتیشی، "کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر
بووە، بڕیاریشە لەکاتی خۆیدا پارەکە بنێردرێت و مانگانە مووچە دابەش بکرێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو ٧ـی نیسان، چاوگێک
لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مووچەی مانگی چوار لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی جیاکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا پرسی مووچەی مووچەخۆران هەرێم
چارەسەرکراوە و وەک هەر مووچەخۆرێکی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان بەبێ دواکەوتن وەردەگرن.
باسی لەوەش کرد، لەدوای جەژن شاندێکی وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەر سەبارەت بە چارەسەرکردن و دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ یەکلایی
کردنەوەی رێکخستنی مووچەی خانەنشینانیش لەگەڵ عێراق کۆدەبنەوە. وتیشی، "لەگەڵ
بەغدا پرسی وانەبێژانی هەرێم یەکلایی دەکەینەوە و وەک یەکەم هەنگاویشمان وانەبێژانی
هەرێم دەکەینە گرێبەست".