سەردێڕ:

جەژنی رەمەزان؛ ئەو جەژنەی موسڵمانان دوای یەک مانگ بەڕۆژووبوون پێشوازی لێدەکەن

AM:11:04:10/04/2024

1080 جار خوێندراوەتەوە

جەژنى رەمەزان؛ ئەو جەژنەی موسڵمانان دواى تێپەڕاندنى مانگێک لە بەڕۆژووبوون پێشوازى لێدەکەن و بە گڕوتینێکى نوێوە گەردن ئازادى لە یەکتر دەکەن. هاوکات ئەمساڵ سەرەڕای جیاوازی لە یەکەم رۆژی رەمەزانیاندا، مەزهەبی شیعە و سوننە پێکەوە جەژنیان دەستپێکرد پێچەوانەی ساڵی رابردوو کە دوو جەژن و یەک رەمەزانیان کرد.


جەژنی رەمەزان لە رۆژی یەكەمی مانگی شەوال دەست پێدەكات، دواى ئەوەى موسڵمانان دڵنیادەبنەوە مانگى رەمەزان تەواو بووە، لە کوردەواریشدا پێى دەوترێت "مانگ بینراوە" ماناى وایە مانگى شەوال دەستى پێ کردووە. لەو جەژنەدا موسوڵمانان لە بەرەبەیانەوە دەچنە مزگەوتەکان و یاد و سوپاس و ستایشى خودا دەکەن، بۆ دەستخستنى خێرێکی زۆر لە مانگی رەمەزان.

دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزان پەیوەندی بە بینینى مانگەوە هەیە، بەجۆرێک کە لە لای سوننەکان، مانگ بە چاو یان لە رێگەی ئامێری پێشکەوتووشەوە ببینرێت دروستە و دەتوانرێت رۆژەکانی رەمەزان و جەژنی پێ دیاریبکرێت.

بەڵام، دیاریکردنی یەکەم رۆژى مانگی رەمەزان و جەژن لەلای شیعەکان جیاوازە و تەنها پشت بە بینینى مانگ بە چاو دەبەسترێت، بڕوایان بەوە نییە کە ئامێرە پێشکەوتووەکان بەکاربهێنرێت بۆ بینینی مانگ.

موسڵمانانی جیهان لە زیاتر لە ٤٠ وڵات بوونیان هەیە، هیچ شوێنێک نیە کە ژمارەیەک لە موسڵمانی لێ نەبێت، بەپێی تازەترین ئامارەکان ژمارەی موسڵمانان لە جیهاندا دوو ملیار و شەش ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە کە دەکاتە رێژەی ٢٥٪ـی دانیشتووانی سەر زەوى کە ژمارەیان گەیشتووەتە هەشت ملیار و ٢٧ ملیۆن کەس.

هاوکات هەر بەپێی ئامارەکان ئاینی ئیسلام بووەتە دووەمین ئاینی جیهان، کە زۆربەی پەیڕەوکارانی لە کیشوەری ئاسیادان، لە ٢٦ دەوڵەتیش سیستەمی سیاسییان ئیسلامییە، هاوکات ئیندۆنیزیا یەکەمین دەوڵەتە لە زۆری ژمارەی موسڵمانان تێیدا لە دوای ئەویش پاکستان دێت و هندستانیش پلەی سێیەمی گرتووە، عێراقیش پلەی دەیەمی ریزبەندییەکە.

جەژنی رەمەزان جیاوازتر لە جەژنەکانى دیکە، دواى مانگێک لە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە دێت، بۆیە لە زۆربەى ماڵەکاندا خواردنى تایبەت لێدەنرێت و میوە و چەرەسی جۆراوجۆر دادەنرێت و هاوڵاتیان دواى نانخواردن سەردانى خزم و کەسوکار و دراوسێکانیان دەکەن بۆ گەردن ئازادى و پیرۆزى جەژن.













گەلەری