سەردێڕ:

پارێزگاری هەولێر: بەهۆی بارانبارینەوە لافاو دروست بووە

PM:11:59:09/04/2024

2744 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی بارانەوە لافاو لەچەند گەڕەکیکی شاری هەولێر دروستبووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زیاتر لە ٣٠ ملم باران باریووە. دەشڵێت، "لە ئایندەدا هەوڵدەدەین لەرێگەی چەند پرۆژەیەکەوە زیانەکانی لافاوەکان کەمتربکەینەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە سنوری هەولێر و چەند گەڕەکێک بەهۆی باران بارینەوە لافاو دروست بووە و ئەوەش پێچەوانەی پێشبینییەکانی کەشناسی بوو بەهۆی بەرزی رێژەی بارانەکەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی پێشبینییەکان ١٠ ملم دەباری، بەڵام نزیکی ٣٠ ملم باران باریووە و ئەوەش وایکردووە لافاودروست بێت لەو گەڕەکانەی هەولێر کە بەهۆیەوە هاوڵاتیان و دووکاندارەکانی ناو بازاڕەکان زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمشەو لە گەڕەکەکانی تەیراوا و گڵکەندی سێتاقان و شەقامی شەست مەتری و ژێر پردەکانی سەیداوا و فرانسۆ هەریری و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەولێر لافاو دروست بووە و زیان بە ماڵی هاوڵاتیان گەیشتووە.

لەبارەی لافاوەکەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، چەند ماڵیک لە سەر شەقامی هەولێر – کۆیە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە وچەند ماڵیکێکیش ئاوچووەتە ماڵەکانیان و ماوەی کاتژمێرێکیشە لافاو لەو گەڕەکانە دروستبووە. دەشڵێت، " لە شەقامی بازاڕی لەنگە ئاستنەگی هاتووچۆ بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان دروستبووە".

 لەماوەی سی مانگی رابردوودا ئەوە سێێەم جارە لافاو لە هەولێر دروستدەبێت و تا ئێستاش کێشەی لافاو چارەسەر نەکراوە و لە رابردوشدا پاریزگاری هەولێر رایگەیاند ٤٢ ملیار دیناریان بۆ رێگەگرتن لەدروستبوونی لافاو خەرجکردووە، بەڵام لەگەڵ بارانباریندا بەشێک لە گەڕەکەکان بەهۆی لافاوەوە ئاستنەگی هاتوچۆیان تێیدا دروستدەبێت.













گەلەری