لە ئاینی ئیسلامدا تەنها دوو جەژن هەن، ئەوانیش جەژنی رەمەزان و قوربانن، بەڵام بەهۆى ناکۆکى نێوان هەردوو مەزهەبەکە کە شیعە و سوننەن، جەژنى رەمەزانیان کردووە بە دوو جەژن لە دوو کاتی جیاوازدا و پێکەوە جەژن ناکەن، ئەمساڵیش سەرەڕای جیاوازی یەکەم رۆژی رەمەزانیاندا پێکەوە جەژن دەکەن.
شیعە و سوننە، دوو مەزهەبی جیاواز و سەرەکی ئاینی ئیسلامن، کە تا ئێستا و لە چەند ساڵێکی کەمدا نەبێت کە لە ژمارەى بەپەنجەکانی دەست تێناپەڕن، پێکەوە جەژنیان نەکردووە.
هەرچەندە بۆ رەمەزانى ئەمساڵ شیعە و سووننە پێكەوە دەستیان بە ڕۆژووگرتن
نەکرد، بەڵام جەژنیان پێکەوە دیاریکرد و پێکەوە کردیانە یەک جەژن پێچەوانەی ساڵی
رابردوو کە دوو جەژن و یەک رەمەزانیان کرد.
دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی ڕەمەزان و جەژنی رەمەزان پەیوەندی بە بینینى
مانگەوە هەیە، بەجۆرێک کە لە لای سوننەکان، مانگ بە چاو یان لە رێگەی ئامێری پێشکەوتووشەوە
ببینرێت دروستە و دەتوانرێت رۆژەکانی ڕەمەزان و جەژنی پێ دیاریبکرێت.
دیاریکردنی یەکەم رۆژى مانگی ڕەمەزان و جەژن لەلای شیعەکان جیاوازە و
تەنها پشت بە بینینى مانگ بە چاو دەبەسترێت، بڕوایان بەوە نییە کە ئامێرە پێشکەوتووەکان
بەکاربهێنرێت بۆ بینیی مانگ.