سەرۆکی یەکێتیی رایگەیاند، هیوادارە کە جەژنی رەمەزان ببێتە مامەیەی قبوڵکردن و پێکەوەژیانی سەرجەم لایەنەکان و هەنگاوێکی نوی بێت بۆ بیری ئاشتی و گەشەپێدان. دەشڵێت، "هیوادارم کە هەموومان یەكدەنگ و یەك هەڵوێست لەپێناو هاوڵاتیانی هەرێم كاربكەین".
ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوبکردەوە و تێیدا هاتووە، داواکارە کە جەژنی رەمەزان ببێتە هەوێنێکی نوێی پێکەوە ژیان و تەبایی،پێویستە لەپیناو ماف و سەقامگیری هاوڵاتیانی هەرێم سەرجەم لایەنەکان یەکدەنگبن.
ئاماژەی بەوەش کرد، "جەژنی رەمەزان لە هەموو موسڵمانانی
كوردستان،عیراق و جیهان پیرۆزبێت و هیوادارم جەژن ببێتە مایەی گەشەپێدانی بیری
ئاشتی و پێكەوەژیان لە نێوماندا".
هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پیرۆزباییەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هیوادارە
جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو
شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان.
باسی لەوەش کردووە، ئومێدەوارە، بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی
و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی
ئاسایی، لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان
وەربگرن و ئەو رێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی
فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام
بن.