سەردێڕ:

وتەبیژی هێزە چەکدارەکانی عێراق: هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەمێننەوە

PM:09:54:09/04/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای سەربازی عێراق بەمەبەستی پێداچوونەوە بە کارنامەی چالاکی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەغدا کۆبوونەوە. دەشڵێت، "هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان تا کاتی تەواوبوونی هەڕەشەیی گروپە چەکدارەکان دەمێننەوە و هاوکارییەکانیان زیاتردەکەن ".


ئەمڕۆ سێشەممە، یەحیا رەسول وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە میانەی کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لە بەغدا گفتوگۆ لەسەر کارەکانی لیژنە لاوەکییەکانی هاوپەیمانان کرد.

باس لەوەش کراوە، لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و هاوپەیمانان جەختیان لە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە لە شکستپێهێنانی گروپەچەکدارەکان وپاراستنی سەقامگیری ئاسایش ویەکپارچەی خاکی عێراق. دەشڵێت، "هاوپەیمانان جەختیانکردەوە کە بەردەوامدەبن لە کارەلاوەکیەکانیان کە راهێنان و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە و بۆ ئەومەبەستەش کارنامەیەکی نوێ و رێککەوتنیکی نوێی سەربازی واژۆدەکەن کە هاوکاردەبێت لە بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووی راهێنانی سەربازی وچەکی قورسیشەوە".

لەو بارەیەشەوە رۆژی ٢٧ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایشی نێوان ئەمریکا وعێراق کۆتایی هات و تێیدا بڕیاردرا لەسەر تەواوکردنی سەرجەم کار و چالاکییەکانی ئەمریکا لە عێراق. وتیشی، "وادەیەک دیاری دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی ئەمریکا لەم ساڵدا."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا ئەمریکا و عێراق پەیوەندییەکی هاوبەشی قوڵ و بەرهەمدارییان هەبووە لە پاراستنی دۆخی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە بەهۆی بوونی گروپە چەکدارەکانی داعش لەو ناوچەیەدا.













گەلەری