سەردێڕ:

لێدوانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم

PM:03:49:09/04/2024

39204 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داواکراوە کە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیستی مووچەخۆران بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادە بکات. دەشڵێت، "شاندێکی وەزارەتی دارایی دێنە بەغدا بۆ قسەکردن لەسەر میکانیزمی مووچەی مووچەخۆران دوای پلەبەرزکردنەوەیان".


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داواکراوە کە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە پلە بەرزکردنەوەوە ئامادە بکرێت و لەدوای جەژن شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی مووچە بە پلە بەرزکردنەوەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆ دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەی مانگی پێنج بە پلەبەرزکردنەوەوە دابەش دەکرێت. وتیشی، "بڕیاربوو مووچەی مانگی نیسان بە پلەبەرزکردنەوە دابەش بکرێت بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بەرزبکرێتەوە بۆیە وردبینی ئەو لیستە سێ هەفتەی پێدەچێت و بەوەش مووچەی ئەم مانگە وەک خۆی دابەش دەکرێت".

باسی لەوەش کرد، دوای جەژن گفتوگۆکان لەسەر دامەزراندن و گۆڕانکاری لە مووچەی خانەنشینان و وانەبێژانیش دەکرێت و هەفتەی داهاتوو هەفتەی یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆران و وانەبێژانی هەرێم دەبێت بەتەواوی.

لەلایەکی تریشەوە، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە دوای جەژن بۆ تاوتوێکردنی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم و خانەنشینانی هەرێم بە میکانیزمێکی نوێ سەردانی بەغدا دەکەن. وتیشی،" لیستی مووچە بە پلەبەرزکردنەوە کاتی دەوێت و لەمانگەکانی داهاتوودا مووچەکانیان بە پلەبەرزکردنەوە دەبێت، وە وانەبێژانی هەرێمیش دەکەنە گرێبەست".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پلەبەرزکردنەوەکە بەپێی هەمواری یاسای سیستمی مووچەی ژمارە ٤٠٠ـی ساڵی ٢٠١٥ـی عێراق دەبێتە بنەما و رێکدەخرێتەوە و رەوانەی بەغدا دەکرێت.

زیاتر لە ٧٢٠ هەزار مووچەخۆر پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە و بەشی زۆریان ئێستا زیاتر لە دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەتە، بەتێکڕایی هەر فەرمانبەرێک مووچەکەی لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار زیاد دەکات.

بەپێی مادەی ١٨ لە یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە ٢٤ـی ساڵی ١٩٦٠، فەرمانبەران لە چوار بۆ پێنج ساڵ جارێك پلە و ناونیشانیان دەگۆڕدرێت و مووچەكانیشان زیاد دەبێت، بەڵام لە ٢١ـی ١٢ـی ساڵی ٢٠١٥، بە بڕیاری ژمارە ٥٦ـی کابینەی هەشتى حکومەتى هەرێم، بەپاساوی قەیرانی دارایی پلەبەرزکردنەوە راگیرا.
هـ.ش













گەلەری