سەردێڕ:

عێراق گرێبەستێکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی واژۆ کرد

PM:12:08:09/04/2024

1296 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، کۆمپانیایەکی فەرەنسی دوو گرێبەستیان بۆ بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبا لەڕێگه‌ی وزەی خۆر لە شاری بەسرە واژۆکرد.


وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی کارەبا دوو گرێبەستی گرنگیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی واژۆ کردووە، ئەوەش بەمەبەستی بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبا لەڕێگه‌ی وزەی خۆر لە کێڵگەی ئارتاوی سنووری بەسرە.

باس لەوەشکراوە، بەپێی گرێبەستەکە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە کارەبایە بە چوار قۆناغە و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و لە هەر قۆناغێک سیستەمی کارەبای نیشتمانی ٢٥٠ مێگاوات کارەبای بۆ زیاد دەکرێت.

هاوکات، ساڵی ڕابردووش حکومەتی عێراق بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی واژۆکرد کە پاکێجێک لە پڕۆژەکانی نەوت‌ و گاز و بەرهەمهێنانی وزەی خۆر بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لەخۆ دەگرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، عێراق بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و لە ماوەی پێشتریشدا لەگەڵ ئوردون ڕێککەوت بۆ کڕینی کارەبا، هاوکات چەندین وێستگەی کارەبای تری دامەزراندووە و پێشبینی دەکرێت کۆتایی ئەم مانگە بەرهەمهێنانی کارەبا بگاتە ٢٧ هەزار مێگاوات.













گەلەری