سەردێڕ:

ماڵپەڕێک: لە رووی باشترین بازاڕی تازەپێگەیشتوو بۆ وەبەرهێنان عێراق لە پلەی چوارەمی ١٠ وڵاتدایە

AM:09:13:09/04/2024

1332 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕێکی تایبەت بە کاروباری وەبەرهێنان بڵاوی کردەوە، لە کۆی ١٠ وڵات لە ریزبەندی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی و باشترین بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان بۆ وەبەرهێنان، عێراق لە پلەی چوارەمدایە.


ماڵپەڕی ئێف دی ئێچ ئینتیڵایجێنسی تایبەت بە کاروباری وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی بڵاوی کردەوە، پۆلێنکردنێکیان ئەنجامداوە لەسەر بنەمای گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و رێژەی هەڵاوسان و گەشەی خەرجکردنی سەرمایە لە وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی و رێژەی گەشەکردن لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانیدا، لەو پۆلێنکردنەدا لە ریزبەندی ١٠ وڵاتدا عێراق بە پلەی چوارەم هاتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێژەی گەشەی بەرهەمی گشتیی ناوخۆی عێراق گەیشتووەتە ٢.٩٪ و رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە ٣.٦٪، هەروەها رێژەی گەشەی خەرجی سەرمایە لە وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانیدا گەیشتووەتە ٣٧١٪ و رێژەی گەشەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی ٩٥٪ بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەو پۆلێنکردنە عێراق وەک شوێنێکی گرنگی وەبەرهێنان دەردەخات، جگە لەوەش بازاڕە تازەپێگەیشتووەکانی دیکە توانای وەبەرهێنانی زۆریان هەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٤.













گەلەری