سەردێڕ:

سودانی: پێویستە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە هەرێم ئەنجام بدرێت

PM:07:37:08/04/2024

2092 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەخت کرایەوە لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکانی بەردەم کۆمسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.


ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە هەوڵ و رێکارەکانی کۆمسیۆن کرا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، پێویستە سەرجەم کێشەکانی بەردەم کۆمسیۆن چارەسەر بکرێن و هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بۆ بەدیهێنانی خواستی گەلی کورد ئەنجام بدرێت.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت ئەمڕۆ، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی بۆ ژمارەی کاندید و لیستەکان ئەنجامدا و رایگەیاند، هەموو توانایەکیان دەخەنە گەڕ بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم.













گەلەری