سەردێڕ:

راوێژکاری سودانی: ١٨ کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان دروست دەکەین

PM:05:35:08/04/2024

1432 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت رایگەیاند، لە پێناو دابینکردنی دەرمانی شیاو و تەندروست بۆ هاوڵاتییان و دوور کەوتنەوە لە دەرمانی ساختە، لە ئێستادا ١٨ کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی جۆراوجۆر و پێداویستی پزیشکی لە قۆناغی دروستکردندان و ٥٦ داواکاریش هەیە بۆ دامەزراندنی کارگەی دیکە.


ئەمڕۆ دووشەممە، حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت رایگەیاند، دوای تەواوبوونی هەر کارگەیەکی دەرمان، پێش دەست پێکردنی بە بەرهەمهێنان، دەبێت رەزامەندی لە وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت بۆ ئەوەی کارگەکە پابەند بێت بە مەرجەکانی بەرهەمهێنانی دەرمانی باش بەپێی تایبەتمەندی و مەرجە نێودەوڵەتییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ١٨ کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی جۆراوجۆر و پێداویستی پزیشکی لە قۆناغی دروستکردندان.

باسی لەوەش کرد، ٥٦ داواکاری نوێ هەیە بۆ دامەزراندنی کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان و لە ئێستادا رەزامەندی سەرەتاییان لە وەزارەتی تەندروستیەوە وەرگرتووە.

ئەوەشی خستە روو، دامەزراندنی ئەو کارگانە دەبێتە هۆی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی تەندروست و کوالێتی بەرز بۆ هاوڵاتییان و دوور کەوتنەوە لە دەرمانی ساختە.













گەلەری