سەردێڕ:

وەزیری بازرگانی عێراق: هاوردەکردنی ئاردی سفر رادەگرین و لە ناوخۆدا بەرهەمی دەهێنین

PM:03:35:08/04/2024

868 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بەوپێیەی لەمساڵدا بەرهەمهێنانی گەنم لە ناوخۆی عێراقدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بە کوالێتییەکی بەرز و بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەپێناو کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ئاردی سفر لە وڵاتانی دیکەوە، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە دانەوێڵەی ناوخۆیی.

ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی نیشتیمانی، بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و پیشەسازی ناوخۆیی وڵات، رەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا.

ئەوەشی خستە روو، لەڕێگەی پڕۆژەکەوە هاوردەکردنی نزیکەی سێ ملیۆن تۆن ئاردی سفر لە دەرەوەی عێراقەوە رادەگرن و لە ناوخۆدا بەرهەمی دەهێنن.

وتیشی، "ئامانجمانە لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە پێداویستییەکانی وڵات دابین بکەین و بگەینە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر بە بەکارهێنانی دانەوێڵەی ناوخۆیی، هاوکات هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دیکە لە داهاتوودا".

باسی لەوەش کرد، لە ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆژەکە، لە داهاتوودا هەموو جۆرەکانی ئارد لەڕێگەی دانەوێڵەی ناوخۆییەوە بەرهەم دەهێنن.













گەلەری