سەردێڕ:

وەزارەتی ئەوقاف: ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژن دیاریدەکەین

AM:11:34:08/04/2024

59008 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ چاودێری بینینی مانگ دەکەن و بڕیار لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن دەدەن.


نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ کاتژمێر پێنجی ئێوارە لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لیژنە لاوەکییەکانی سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بە شێوازی سەیرکردنی تەلیسکۆب و شێوازی کۆن لەلایەن ژمارەیەک خەڵکی شارەزاوە چاودێری بینینی مانگ دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، ئەگەر سبەینێ بە بەڵگە مانگ ببینرێت ئەوا رۆژی سێشەممە ٩ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژن دەبێت، بەڵام ئەگەر سبەینێ مانگ نەبینرێت، ئەوا رۆژی سێشەممە تەواوکاری مانگی رەمەزان دەبێت و رۆژی چوارشەممە ١٠ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژن دەبێت.

باسی لەوەش کرد، لیژنەی باڵای بینینی مانگ خۆی بڕیار لەسەر دیاریکردنی جەژن دەدات و پشت بە هیچ سەرچاوەیەک دیکەی بواری توێژینەوەی فەلەکناسی نابەستێت.

لای خۆیەوە، ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی رایگەیاند، سبەی دووشەممە بینینی مانگ لە زۆرینەی وڵاتان مەحاڵە بەهۆی ئاوابوونی مانگ پێش خۆر و رۆژی سێشەممە مانگ بە ئاسانی دەبینرێت، هەربۆیە رۆژی چوارشەممە ١٠ـی نیسان یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.













گەلەری