سەردێڕ:

باران بارین دەستی پێکرد؛ کەی کۆتایی دێت؟

PM:08:32:07/04/2024

22204 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەمشەو دەستی پێکردووە بەردەوام دەبێت و سبەینێش کەش ناجێگیر دەبێت و بارانبارینی ناو بە ناو بەردەوام دەبێت. وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت، "رۆژانی جەژنیش باران دەبارێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، سبەی دووشەممە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و خێرایی با ناجێگیر دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، ناجێگیربوونی کەشوهەوا تەواوی ئەم هەفتەیە دەگرێتەوە و لە رۆژی سێشەممە کەشوهەوا کەمێک جێگیر دەبێت و دواتریش دووبارە باران بارین دەستپێدەکاتەوە.

هاوکات، دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژانی جەژنی رەمەزان باران بارین بەردەوام دەبێت و کەشوهەوا لە هەموو هەرێم ناسەقامگیر دەبێت.

باسی لەوەش کرد، ئەو شەپۆلە باران بارینەی لە رۆژانی جەژندا روو لە هەرێم دەکات ناوەناو دەبێت و بەهێز نییە. دەشڵێت، "هاوڵاتیان دەتوانن بچنە گەشت و سەیران".

ئەوەشی خستە روو، پلەکانی گەرما لە جەژندا چەند پلەیەکی کەم دادەبەزن و کاریگەری زۆریان نابێت.













گەلەری