سەردێڕ:

عێراق؛ لە پشتبەستن بە داهاتی نەوتییەوە بۆ پشتبەستن بە داهاتی نانەوتی

PM:03:39:07/04/2024

1148 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئاستی پشتبەستنیان بە داهاتی نانەوتی بە رێژەی ٦٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، راویژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داهاتی نانەوتی بە جۆرێک بەرز دەکەنەوە کە ٢١٪ـی بودجە پێکبهێنێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق تۆماری داهاتی مانگانەی ئەمساڵی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا داهاتی نانەوتی بە رێژەی ٦٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ١١٪، لەکاتێکدا، ساڵی رابردوو داهاتی نانەوتی تەنها ٥٪ بوو.

ئاماژە بەوەش کراوە، بودجەی ئەمساڵ گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە و داهاتی نانەوتی ١١٪ـی بودجەی پێکهیناوە و بە تێکڕاش داهاتی هەر مانگێکی نانەوتی لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر بووە لە یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار.

باس لەوەش کراوە، سەرجەم ئەو بەشانەی کە داهاتی نانەوتی پێکدەهێنن لە داهاتی باج، گەشتیاری، کشتوکاڵی، گومرگ و داهاتەکانی تر بەراورد بە ساڵی رابردوو ١٩٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە کە ئەوەش دەستپێشخەرییەکی فراوانی ئابووری عێراق دەبێت.

لەو بارەیەشەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە راپۆتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، داهاتی نانەوتی لە عێراق بە رێژەی ٪٥ گەشە بەخۆیەوە دەبینێت. ئەوەش هاتووە، "هەڵاوسان لە عێراق بە رێژەی ٪٧ دابەزیوە بۆ ٥.٥٪ کە کەمترین ئاستە بەراورد بە ساڵانی رابردوو".

هاوکات سەبارەت بە بەرزبوونەوەی داهاتی نانەوتی، مەزهەر ساڵح راویژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق بە تەواوی بودجەی وەبەرهێنان دەبێت لە کەرتی نانەوتیدا و هەوڵیش دەدرێت سوود لە سامانی سەر زەوی و کشتوکاڵی عێراق وەربگرن بۆ فراوانکردنی ئابووری و کاریگەری عێراق بەسەر ئابووری جیهانەوە. وتیشی، "پێشبینی دەکەین تا ساڵی ٢٠٢٧ داهاتی نانەوتی بەرزبکرێتەوە بۆ ٢١.٢٪ ـی تێکڕای بودجەی عێراق".

ئەوەش لە کاتێکدایە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری لە جنێف رایگەیاند، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری و داهات بەردەوامە و هەوڵیش دەدەن لە دوو ساڵی داهاتوودا عێراق لە وڵاتێکی نەوتییەوە بگۆڕن بۆ ئابووری نانەوتی و وزە و کشتوکاڵ. وتیشی، " داهاتی سەرزەوی هاوتای داهاتی سامانی ژێرزەوییەکەمان دەکەین لە ئایندەدا".
هـ.ش













گەلەری