سەردێڕ:

کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە

AM:10:21:07/04/2024

26652 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. دەشڵێت، "پلەکانی گەرما بە تێکڕا چوار بۆ حەوت پلە نزم دەبنەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم بارانبارین دەستپێدەکات و هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت.

کەشناسی هەرێم سەبارەت بە کەشی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور، هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆلێکى بارانبارین، ئاسمانى سەنتەرى پارێزگاکان و ناوچە شاخاویییەکان و تەواوى ناوچە جیاجیاکان هەورى تەواو دەبێت و باران دەبارێت.

هاوکات، بڕی دابارین لە سەنتەری پارێزگاکان لە نێوان ٥-١٠ ملم و لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکان ٨-١٥ ملم باران دەبارێت و بەراورد بە دوێنێ شەممە، پلەکانی گەرما دوو بۆ چوار پلە نزم دەبنەوە.

سەبارەت بە کەشی سبەی دووشەممە ئەوە خراوەتە روو، بارانبارین بەردەوامى دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى بەرەبەیان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى باکوورى رۆژئاواى پارێزگاى هەولێر بارانى مامناوەند دەبارێت، بڕی پێشبینیکراوی بارانبارینش لەنێوان ٨-١٤ ملم دەبێت.

باس لەوەش کراوە، لە دوانیوەڕۆوە کاریگەرى بارانبارینەکە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى راپەڕین و سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و پاشان بۆ سەر سنوورى ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە پارێزگاى کرکووک.

هاوکات، لە کاتەکانى ئێوارەى رۆژى دووشەممە تا رادەیەک بارانبارین کەم دەبێتەوە زیاتر ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما ٢-٣ پلە نزم دەبنەوە.

پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ:

هەولێر : ٢٤

سلێمانی : ٢٣

دهۆک : ٢٤

هەڵەبجە : ٢٥

کەرکوک : ٢٧

گەرمیان : ٢٧

زاخۆ : ٢٤

سۆران : ٢٢

حاجی ئۆمەران : ١٣













گەلەری