سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی مووچە وەک دەستکەوتی خۆی پیشان دەدات

PM:11:54:06/04/2024

2720 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى عێراق بە پشتبەستن بە بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵی لە ماوەى کەمتر لە مانگێکدا بڕیارى ناردنى پارەى مووچەى دوو مانگی هەرێمی دا، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەیەوێت ئەمە وەک دەستکەوت و هەوڵی خۆی پیشان بدات.


حکومەتى عێراق لە ماوەى کەمتر لە مانگێکدا بڕیارى ناردنى پارەى تەواوەتى مووچەى دوو مانگ واتە مانگەکانى دوو و سێی بۆ هەرێم دا، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش کرا، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی سێی دا بۆ هەرێم. لە نوسراوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق بە روونى ئاماژە بەوە دەکات کە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى مووچەکانیان ناردووە.

هاوکات، جیاواز لە دانوستانەکانى پێشووتر حکومەتى عێراق دۆسیەى رادەستکردنى داهاتەکانى هەرێم لەوانەش داهاتى ناوخۆى دواخستووە بۆ دواى هەمواری بودجە.

بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەیەوێت ئەمە وەک دەستکەوت و هەوڵی خۆی پیشان بدات و تەنانەت لایەنەکانى ناو حکومەتى کاربەڕێکەر هەریەکەیان دەیەوێت بیکات بە دەستکەوتی خۆی. لە کاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر نەک کێشەی مووچەی چارەسەر نەکردووە بەڵکو گرفت و بەربەستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش دروست کردووە.

سەرەتاى چارەسەرکردنى کێشەى مووچە لەوەوە دەستی پێکرد کاتێک لە ٢١ـی مانگی شووبات، دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێک جەختی لە چارەسەرکردنى کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم کردەوە و حکومەتی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی پابەندکرد بەدابینکردنی مووچەکەوە.

حکومەتى کاربەڕێکەر نەک هەر چارەسەری مووچەى نەکردووە بەڵکو هەر خۆی هۆکارى گرفتى مووچە بووە و لەم کابینەیەی مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى ١٠ مووچەى تەواوەتى مووچەخۆرانى نەداوە کە سێ مووچەیان هی مانگەکانى کۆتایی ساڵى رابردووە، کە بە بڕیارى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى خەرج نەکرا و لەم کابینەیەدا نەک هەر پاشەکەوتەکان نەدرانەوە بەڵکو لەبرى پاشەکەوت لێبڕینیان داهێنا و ١٠ مووچەی مووچەخۆرانیان بە لێبڕینى ٢١٪ و ١٨٪ـەوە دابەش کرد.

هاوکات، هەر لەم کابینەیەدا دیارنەمانى زۆربەى داهاتى ناوخۆ و داهاتى فرۆشتنى نەوت بە قاچاخ زیاتر بوو.













گەلەری