سەردێڕ:

بەهۆی زیادبوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نرخی خۆراک دابەزیوە

PM:08:36:06/04/2024

904 جار خوێندراوەتەوە

زۆربوونی بارانبارین زۆربوونی رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دابەزینی نرخی ماددە خۆراکییەکانى لە جیهاندا لێکەوتووەتەوە، لەوبارەیەوە یەکێتى ئەوروپا دەڵێت، ساڵى رابردوو هەناردەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان زیاد کردووە و هاوردەشیان کەم کردووەتەوە، رێکخراوی فاویش باس لەوە دەکات، نرخى مادە خۆراکییەکان بەردەوامە لە دابەزین.


رێکخراوى خۆراکى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" رایگەیاند، دابەزینی نرخی مادە خۆراکییەکان لە جیهاندا بەردەوامە و مانگى رابردوو نزمترین نرخى خۆراک تۆمارکراوە لە سێ ساڵى رابردوودا، کە بەراورد بە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو بە رێژەی ٧٪ نرخی خۆراک و پێداویستیە خۆراکییەکان دابەزیون.

هاوکات، بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی یەکێتى ئەوروپا، هەناردەکردنی بەرهەمە خۆراکییە کشتوکاڵییەکان لە ساڵی رابردوودا ٢٢٨ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ بووە، هاوکات هاوردەکردنی بەرهەمەکان بۆ ١٥٨ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ کەمی کردووە.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن ئەمساڵ بەرهەمهێنانی گەنم بۆ شەش ملیۆن تۆن بەرز ببێتەوە کە ئەمەش بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینەوەیە کە مەترسی وشکەساڵی تێپەڕاندووە و ئەم زیادەیەش جارێکی دیکە کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی مادە خۆراکییەکان دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رێکخراو و ئاژانسە جیهانییەکان دابەزینی نرخی خۆراک دەگەڕێننەوە بۆ زۆربوونی رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەم زیادی کردووە، زیادبوونی بەرهەمیش دەبێتە هۆی سەرڕێژبوون لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و وادەکات هەناردەی دەرەوە بکرێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی مادە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا و سەرئەنجام دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکەی.













گەلەری