سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبای عێراق: هەوڵ دەدەین بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینە ٢٧ هەزار مێگاوات

PM:07:10:06/04/2024

724 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەدوای هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنان، توانیویانە سێ هەزار بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ سیستەمی نیشتیمانی زیاد بکەن. دەشڵێت، لە ئێستادا کار دەکەن بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایاردا بگەن بە بەرهەمهێنانی ٢٧ هەزار مێگاوات.


ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای کارەکانی حکومەتی عێراقەوە کاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێک بۆ نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی تواناکان لە کەرتی گواستنەوە و دابەشکردن و بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەنجامدانی چاکسازی.

ئاماژەی بەوەش کرد، چەند یەکەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبایان راگەیاندووە و تێیدا کاریان کردووە بۆ وەستاندنی وزەی بەفیڕۆچوو لە یەکەکانی کارکردندا.

ئەوەشی خستە روو، وەزارەت کاری کردووە بۆ فراوانکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنان و توانییان سێ هەزار بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ سیستەمی نیشتیمانی زیاد بکەن.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا کار دەکەن بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێوشوێنەکانی ئامادەکاری بۆ وەرزی هاوین تاوەکو بتوانن لە سەرەتای مانگی ئایاردا بگەن بە بەرهەمهێنانی ٢٧ هەزار مێگاوات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەپێناو زیادکردنی کارەبای عێراق، لەماوەی رابردوودا هێڵی کارەبای نێوان عێراق – ئەردەن کەوتە کار و لەوبارەیەوە وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەگەر هێڵەکە بە تەواوی کارا بکرێت، ئەوا ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت.













گەلەری