سەردێڕ:

بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر؛ ٣٦ هەزار تۆن گەنم هاوردەی عێراق کرا

PM:11:44:05/04/2024

1864 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بە بڕی ٣٦ هەزار تۆن گەنمی ئوسترالی لە رێگەی کەشتییەکەوە هاوردەی عێراق کرا و سبەینێش کەشتییەکی دیکە بە بڕی ٥٠ هەزار تۆن گەنمی روسییەوە دەگاتە عێراق. دەشڵێت، ئەو گەنمە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر.


ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر نوری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، یەکەم کەشتی ئوسترالیا کە بڕی ٣٦ هەزار تۆن گەنمی ئوسترالی بارکردبوو، گەیشتە بەندەری ئوم قەسر لە عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە گەنمە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی دابینکردنی خۆراک و ئاردی سفر بە کوالێتی بەرز بۆ هاوڵاتییان.

ئەوەشی خستە روو، سبەی شەممە کەشتییەکی دیکەی بازرگانی بە بڕی ٥٠ هەزار تۆن گەنمی روسییەوە دەگاتە عێراق.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لەلایەن وەزیری بازرگانی عێراقەوە رێکارەکانی دابەشکردنی ئارد بەسەر بریکارەکانی خۆراک دەستی پێکردووە و لە سبەینێ شەممەوە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئاردیان پێدەگات. وتیشی، "بە گوێرەی خشتەی دابەشکردن سەرەتا ئارد بەسەر ناوچە هەژارشینەکاندا دابەشدەکرێت".

پێشتریش، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆراکی تایبەتەوە بەشە ئاردی هاوڵاتیان پشکینی بۆ دەکرێت و پاشان بەسەریاندا دابەش دەکرێت، و لە ئەگەری خراپبوونی ئاردەکەدا هاوڵاتیان دەتوانن سکاڵا لەسەر بریکاریی خۆراکی ناوچەکەیان تۆماربکەن.













گەلەری