سەردێڕ:

بانکی ناوەندی پێدانی قەرزی خانووبەرەی بۆ دوو توێژی دیکە راگەیاند

PM:09:49:05/04/2024

2412 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، پێدانی قەرزی خانووبەرەیان بۆ دوو توێژی دیکە زیاد کردووە کە ئەوانیش گەنجان و خانەنشینانن. دەشڵێت، لەدوای کاراکردنی لینکی داواکاری بۆ قەرزی خانووبەرە، هەر چوار توێژی گەنجان و خانەنشینان و فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەتوانن بەبڕی ١٥٠ ملیۆن دینار قەرزی خانووبەرە وەربگرن.


ئەمڕۆ هەینی، عەمار ئەحمەد جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە ئێستادا بانکی خانووبەرە سەرقاڵی ژماردن و رێکخستن و پێداچوونەوەی قەرزەکانی پێشووە و لە دوای تەواوبوونی؛ لینکی داواکاری بۆ قەرزی خانووبەرە کارا دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین بڕی وەرگرتنی قەرز دەگاتە ١٥٠ ملیۆن دینار و چوار توێژ لێی سوودمەند دەبن، کە گەنجان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەران و خانەنشینان لەخۆ دەگرێت.

ئەوەشی خستە روو، زۆرێک لە هاوڵاتیان سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە و خواستێکی بەردەوامیش بۆ قەرزکردن هەیە و بانکی خانووبەرەش قەرزی رانەگرتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەدوای کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی ژماردن و پێداچوونەوە و رێکخستنی قەرزەکانی پێشوو، بانکی خانووبەرە لینکی داواکاری بۆ قەرزی خانووبەرە کارا دەکات و تەنها تایبەت دەبێت بە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەران کە بڕی ١٥٠ ملیۆن دینار قەرزییان پێ دەدرێت.













گەلەری