سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق: بەرهەمهێنانی نەوت نزیک دەبێتەوە لە پێنج ملیۆن بەرمیلی رۆژانە

PM:05:31:05/04/2024

964 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. دەشڵێت، " لە ئێستادا بەرهەمهێنانی غازی عێراق دەگاتە سێ هەزار و ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا".


ئەمڕۆ هەینی، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پیشەسازی نەوتی عێراق رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی ئایندەی ئابووری نیشتمانیدا و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە لە پاڵپشتیکردنی ئابووریدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی نەوت لە هەوڵدایە و نزیک بووەتەوە لە گەیشتن بە توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی غازی عێراق دەگاتە سێ هەزار و ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا هەروەها بڕی مەزەندەکراوی وەبەرهێنان تێیدا گەیشتووەتە ٦٢٪.

باسی لەوەش کرد، گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوت بەدەوامە و لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی سێ گرێبەستییان کردووە کە گرنگترینیان وەبەرهێنانی ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازە لە پێنج کێڵگەی نەوتیدا کە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١ـی مانگی نیسان وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی غاز و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، حەیان عەبدولغانی وەزیری نەوت و سامانە سروشتییەکانی عێراق لەگەڵ کریستیان برۆچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سێمێنزی ئەڵمانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای شەڵەمبەرگیری ئەڵمانی گرێبەستی وزەیان واژۆ کرد.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، بەگوێرەی رێکەوتنەکە هەردوو کۆمپانیا بیانییەکە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ ٢٤٠ ملیۆن پێ سێجا بەرز دەکەنەوە، ئەو غازەشی کە لە کێڵگە نەوتییەکاندا بەفیڕۆ دەچێت بەکاری دەهێننەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ١٥ وێستگەی کارەبای نوێی کۆمپانیای سێمێنزدا.













گەلەری