سەردێڕ:

وەزیری پەیوەندییەکان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەند دەکەین بە پاراستنی کلتوری وڵاتەکەمان

PM:03:04:05/04/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئار تی راگەیاند، کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکار نین لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی عێراق و پابەندبوون بە دابونەریتی کۆمەڵگای عێراقیەوە و لەڕێگای داواکارییەکی یاساییەوە داوایان کردووە کە پابەندبن. دەشڵێت، "سەرجەم کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەند دەکەین بە کلتور و دابوونەریتی عێراقەوە و پێویستیشە رێز لە کلتورمان بگرن".


ئەمڕۆ هەینی، هیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی وەزارەتەکەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا داواکارییان پێشکەش بە کۆمپانیای مێتا کردووە کە سەرجەم ئەو دەستەواژە و وێنە رێگە پێ نەدراوانەی کە هەن لە سۆشیاڵ میدیاکانی عێراق سنوردار بکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو داواکارییە لە پێناو پاراستنی دابونەریت و کلتوری کۆمەڵگای عێراقدا بووە بەڵام تا ئێستا کۆمپانیاکە بە تەواوی هاوکار نەبووە و بۆیە داواکارییەکی یاسایی دیکەیان پێشکەش بە کۆمپانیاکە کردووە و داواش کراوە کە هاوکار بن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی نێودەوڵەتییان دەکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئاستی پێوانەی بەکارهێنەرانی سایتە رێگەپێنەدراوەکان لە عێراق دابەزیوە بۆ ئاستیکی زۆر کەم، سەرجەم ئەو سایت و پێگانەشی کە ماونەتەوە بەم نزیکانە بلۆکیان دەکەن. وتیشی، "هەر کۆمپانیایەکی بیانی و میدیایی بیەوێت لە عێراق بەردەوامبێت، دەبێت رێز لە دابونەریت و بەهای کۆمەڵایەتی هاوڵاتییەکانمان بگرێت بە پێچەوانەوە مافی نییە لە عێراق بمینێتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، عومەر عەبدولرەزاق وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێشتر بە ئێن ئار تی راگەیاند، چەندین رێکاری نوێیان گرتووەتە بەر بۆ کۆتایی هێنان بەو پێگانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی دابونەریتی کۆمەڵگای عێراقی و بیرکردنەوەی گەنجەکان. وتیشی، " وەزیری پەیوەندییەکان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری ناوخۆ بڕیاریاندا بە بلۆک کردنی سەرجەم ئەو پێگە و ڤیدیۆ گەیمانەی کە دەبنە هۆی پشێوی لە دەروونی گەنجەکانماندا".













گەلەری