سەردێڕ:

عێراق: ٩٠٪ـی بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنورییەکان تەواو بووە

AM:09:28:05/04/2024

980 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی گشتی گومرگی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان ٩٠٪ـی کارەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی دەروازە سنورییەکان تەواوکراون. دەشڵێت، "لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەکەدا سیستمێکی خۆکاری دەروازە سنورییەکان بەڕێوەدەبات".


ئەمڕۆ هەینی، فیراس عوبەیدی بەڕێوەبەری پرۆژەی مۆدێرنسازی و خۆکاری دەروازە سنورییەکان لە دەستەی گشتی گومرگی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن و بەرەوپێشچوونی مامەڵەداراییەکان و دەروازە سنورییەکانی عێراق لەگەڵ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان گرێبەستێک واژۆکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، گریبەستەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئەنجام دراوە و بە گوێرەی گرێبەستەکەش رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی دەروازە سنورییەکان، هەماهەنگ دەبێت لە بە ئۆتۆماتیکیردن و مۆدێرنسازی دەروازە سنورییەکانی عێراق.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا ٩٠٪ پرۆژەکە کۆتایی هاتووە و لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم دەستدەکرێت بە بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی دارایی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق و بە تەواوی لە ژێریەک سیستمی ئەلیکترۆنی و ئۆتۆماتیکیدا کاردەکەن. وتیشی، " ئەم هەنگاوە رێگە لە بەهەدەردانی داهاتی دەروازە سنورییەکان دەگرێت و پرۆژەکەش بە تەواوی لە ماوەی حەوت ساڵدا جیبەجێدەکرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەیەکەم هەنگاودا بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنورییەکان وەزارەتی دارایی عێراق بانکی رافیدەینی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکان و لەیەکەم قۆناغیشدا دوو دەروازەی سنووری بە ئەلیکترۆنی کراون، هاوکات پێشتریش وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکان پێویستە سەردانی وەزارەت و دەستەی گومرگی عێراق بکەن بۆ دروستکردنی کارتی هاوردەکردن و هەناردەکردن، بەپێچەوانەوە مافی هاوردە و هەناردەیان نامێنێت. دەشڵێت،" سەرجەم بازرگانان دەخرێنە ژێرچاودێری هاوردە و هەناردەی ئۆتۆماتیکی و سیستمی ئەلیکترۆنی بانکەوە".













گەلەری