سەردێڕ:

جوڵەی بازرگانی لە کەناڵی سوێسەوە بۆ بەندەری فاو؛ عێراق گرنگترین ناوەندی ئابووری جیهان

بەندەری فاو - عێراق
PM:11:51:04/04/2024

2940 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، دوای فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەناڵی سوێس و مانەوەی کاریگەری هێرشی گروپەچەکدارەکان بۆ دەیەکانی داهاتوو، بەنداوی فاو لە عێراق دەبێتە رێگای نوێی بازرگانانی جیهان. دەشڵێت ،"عێراق هیوایەکی نوێ دەبێت بۆ جوڵەی بازرگانی جیهان و وڵاتانی کەنداو".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دوای فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەناڵی سوێس کە ماوەی زیاتر لە ١٠٠ رۆژە بەردەوامە جوڵەی بازرگانی جیهان بە رێژەی ١١٪ کەمبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا وڵاتانی جیهان و وڵاتانی کەنداو چاویان لە تەواوبوونی بەندەری فاوی عێراق و رێگای گەشەپێدانی ئابووری و هێڵی ئاسنینی عێراقە بۆ مامەڵە بازرگانییەکانیان.

باس لەوەش کراوە، دوای تەواوبوونی بەندەری فاو عێراق دەبێتە داهاتوویەکی نوێی جوڵەی ئاویی و وشکانی لە گواستنەوەی نەوت، وزە، کاڵا و خۆراک بۆ جیهان. وتیشی، "عێراق لە ماوەی حەوت ساڵی داهاتوودا دەبێتە ناوەندێکی ئابووری جیهانی و بەغداش دەبێتە بەهێزترین و گرنگترین پایتەختی ئابووری لە وڵاتانی عەرەبیدا".

لەو بارەیەشەوە، راوێژکاری گەشەپێدانی ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ساڵی داهاتوو بەندەری فاو تەواو دەبێت و دەبێتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری جیهان و کەشتییە بازرگانییەکان. وتیشی، "ئابووریی عێراق گەشەسەندن بە خۆیەوە دەبینێت و هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تەواوکردنی رێگای گەشەپێدانی ئابووری چڕتر بوونەتەوە".

لەلایەکی تریشەوە، عەبدولرەزاق زوهەیری سەرۆکی فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق رایگەیاند، تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەبێتە هۆی بەستنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکان بەهێزتر دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەباشی بەڕێوەدەچێت و دەرگایان کراوەیە بۆ هەر وڵاتێک کە بیەوێت بەشداری لە کارەکانی پڕۆژەکەدا بکات.

لە رۆژی ٢١ـی ئاداری ساڵی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا رێککەوتن بۆ بنیادنانی هێڵی ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا بە ناوی ''پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان" کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیارانە لە بەندەری فاوی عێراقەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.













گەلەری