سەردێڕ:

راوێژکاری سودانی: عێراق دەبێتە وڵاتێکی ئابووری گەشەسەندوو

PM:10:38:04/04/2024

1332 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا ئابووریی عێراق هیچ مەترسیەکی لەبەردەمدا نەماوە و دەتوانێت بە تەواوی قەرزی دەرەکی بداتەوە. دەشڵێت،" عێراق یەکێکە لە وڵاتە سەلامەتەکانی جیهان کە هیچ گرفتێکی لەبەردەم دانەوەی قەرزی دەرەکیدا نییە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی پلەبەندی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ئابووریی عێراق لە ریزبەندی وڵاتانی ئابووری گەشەسەندوودایە و لەڕووی مەترسییەکانی قەرزی دەرەکییەوە، هیچ مەترسییەکی لەسەر نەماوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بەتەواوی قەرزەکانی داوەتەوە و ئەوەشی کە ماوەتەوە بە گوێرەی خەمڵاندنەکان لە ٢٠ ملیار دۆلار کەمترە و لەمساڵدا دەدرێتەوە. وتیشی، "لە ساڵی داهاتووەوە عێراق دەبێتە یەکێک لە وڵاتە پێگەیشتووەکانی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا."

ئەوەشی خستە روو، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی قەرزی دەرەکی و قەرزی وەبەرهێنان بە رێژەی ١٠ ملیار دۆلار کەمی کردووە، هەر بۆیە ساڵی ٢٠٢٤ بودجەی گەشەپێدانی ئابووری و کەرتی وەبەرهێنانی عێراق دەبێت.

باسی لەوەش کرد، لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا عێراق توانیویەتی بڕی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار لە قەرزی دەرەکی بداتەوە و بە گوێرەی رێککەوتننامەی پاریس – عێراق ساڵانە رێژەیەکی دیاریکراو لە قەرزی دەرەکی دەدرێتەوە.

پێشتریش ئەو راوێژکارەی سودانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر بنەمای لێکدانەوەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گەشەی ئابووری لە کەرتی نانەوتی عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
هـ.ش 














گەلەری