سەردێڕ:

بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاودێری؛ عێراق گرێبەستی نوێ واژۆ دەکات

PM:09:55:04/04/2024

1288 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، چەند گرێبەستێکی نوێیان بۆ کڕینی ١٢ هەزار ئاوڕێژکەر بە بەهای زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دینار واژۆ کردووە. دەشڵێت، " حکومەتی عێراق بە قیستی ١٠ ساڵ و نرخی پاڵپشتیکراو ئامێری ئاوڕێژکەر دەداتە جوتیارەکان".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ گۆڕانکاریکردن لە پڕۆسەی ئاودێری و ئاسانکاریکردن بۆ جوتیاران بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش چەند گرێبەستێکی نوێیان واژۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیای بازرگانی باوری نەمسایی واژۆ کراوە، کە لەڕێگەیەوە هەزاران ئاوڕێژکەر بۆ جوتیاران دابین دەکەن، لە یەکەم قۆناغیشدا زیاتر لە شەش هەزار ئاوڕێژکەر بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لەو کۆمپانیایە دەکڕن. 

باسی لەوەش کرد، لەڕێگەی دوو گرێبەستی دیکەوە لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ ئاوڕێژکەر بە قەبارەی جیاواز بە بەهای ١٣٤ ملیار دینار دابین دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، " ئەم هانگاوە بە مەبەستی ئاسانکاری و خێراکردنی پڕۆسەی گۆڕانکاریکردن لە ئاودێری و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵە لە وڵاتدا".

هاوکات لەبارەی کارئاسانییەکانی وەزارەتەکەوە بۆ جوتیارانی عێراق ئەوەشی خستە روو، بەمەبەستی فراوانکردنی ژێرخانی ئاودێری و سیستمی ئاوڕێژکەر کە لە ١٢ هەزار ئاوڕێژکەر پێکهاتووە، حکومەتی عێراق بەڕێژەی ٣٠٪ نرخی پاڵپشتیکراو و قیستی درێژخایەن بۆ ماوەی ١٠ ساڵ سەرجەم ئاوڕێژکەرەکان بۆ جوتیارانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق دابین دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی تەکنیک و سیستمی نوێی ئاودێریی و گۆڕینی کوالێتی ئاوڕێژکەرەکان دەتوانن بەڕێژەی ٥٠٪ ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی زیادبکەن.













گەلەری