سەردێڕ:

بەناردنی ٢٠ هەزار فیل بۆیان؛ وڵاتێکی ئەفریقا هەڕەشە لە ئەڵمانیا دەکات

PM:09:45:03/04/2024

2516 جار خوێندراوەتەوە

لێدوانێکی وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا لەسەر قەدەغەی راوی فیل وڵاتی بۆسوانا توڕە دەکات. سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ٢٠ هەزار فیل بۆ ئەڵمانیا دەنێرن و ژیانیان تاڵ دەکەن. دەشڵێت، ژمارەی فیلەکان زۆر زیادیان کردوە و تەنها بە راوکردن رێگرییان لێدەکرێت.


ژمارەی فیلەکانی وڵاتی بۆسوانا لە ئەفریقا لە زیادبووندان و بەو هۆیەشەوە راوکردنی فیل لەو وڵاتە رێگە پێدراوە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا داوای کرد راوی فیل قەدەغە بکرێت، ئەوەش بۆسوانای توڕە کرد.

وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا داوای کردبوو سنورێک بۆ هاوردەکردنی عاجی فیل و پارچە گرانبەهاکانی دیکەی ئاژەڵی کێوی دابنرێت، ئەوەش وەک دانانی سنورێک بۆ راوکردنی ئاژەڵی کێوی. وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا داواشی کردبوو، راوی فیل لە بۆسوانا قەدەغە بکرێت.

لە بەرامبەریشدا مۆگویستی ماسیسی سەرۆک بۆسوانا هەڕەشەی لە ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، ٢٠ هەزار فیلیان بۆ دەنێرن و ژیانی ئەڵمانیەکان دەخەنە زەحمەتییەوە.

سەرۆکی بۆسوانا باسی لەوەش کردوە، ژمارەی فیل لە وڵاتەکەیدا بە شێوەیەکی نائاسایی زیادیان کردوە، ئەوەش تەنها بە راوکردن دەتوانرێت سنورێکیان بۆ دابنرێت.

بۆسوانا لە ساڵی ٢٠١٤ـدا راوکردنی فیلی قەدەغە کرد، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی نائاسایی ژمارەی فیلەکانەوە.

لە ئێستادا راوکردنی فیل لەو وڵاتەدا لە لایەن راوچیەکانەوە ئاساییە و زیاتر لە ١٣٠ هەزار فیل لە بۆسوانا هەیە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ژمارەی فیلەکانی جیهانە.

پێشتر بۆسوانا هەشت هەزار فیلی وەک دیاری دا بە ئەنگۆلا و مۆزەمبیق، ئێستاش هەڕەشەی ناردنی ٢٠ هەزار فیل بۆ ئەڵمانیا دەکات.













گەلەری